سوننه‌ت
سوننه‌ت
تی ئێس ئێلیووت / محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی
سوننه‌ت، به ته‌واوی یان ته‌نانه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا، به مانای پاراستنی هێندێک بیر و باوه‌ڕی به‌رچاوته‌نگانه نییه؛ ئه‌و بیر و باوه‌ڕانه له گه‌ڕیانی به‌دیهاتنی سوننه‌تدا به‌دی دێن، ئه‌و شته‌ی که من له باره‌ی سوننه‌ته‌وه باسی ده‌که‌م، هه‌ڵگری هه‌موو کرده‌گه‌لێکی ساکار و خوو و خده و داب و نه‌ریته‌کانه؛ له گرینگ ترین بۆنه‌کانی دینییه‌وه بگره تاکوو شێوه‌ی قه‌بڵاوی چاک و خۆشی کردن له گه‌ڵ بیانییه‌کدا، که نیشانده‌ری پێوه‌ندی خوێنی خه‌ڵکانێکه که له وڵاتێک‌دا ده‌ژین.
"سوننه‌ت" له‌خۆگری زۆر شتانه، که ده‌کرێ ناویان بنرێ تابۆ* ئه‌وه‌ی که له سه‌رده‌می ئێمه‌دا وشه‌ی "تابۆ" به مانه‌یه‌کی شه‌رماوی به‌کاردێنن بۆ من شتێکی سه‌یره، ئێمه کاتێک له ئه‌م پێوه‌ندییانه وگرینگایه‌تی ئه‌وان ئاگادار ده‌بینه‌وه که به هه‌ڵدێری له‌نێوچووندا خوللار ده‌بنه‌وه، وه‌ک هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای دارێک به ده‌م لرفه‌ی خه‌زانه‌وه، له وه‌ها کاتێکدا ڕه‌نگه هێزێکی شێتانه بۆ دووباره پێوه‌لکاندنه‌وه‌ی ئه‌و گه‌ڵا وه‌ریوانه به فیڕۆ بدرێ، به‌ڵام داری پڕ به‌هره گه‌ڵای تازه‌تر ده‌رده‌کا و وشکه‌داریش خواردنی ته‌وره.
له پاراستنی سوننه‌تێکی دێریندا، یان تێکۆشان بۆ ژیاندنه‌وه‌ی سوننه‌تێکی کۆن، به‌رده‌وام ئه‌و ترس و خه‌ته‌ره له گۆڕێدایه که بنه‌ڕه‌تی له بێ بنیه‌یی و ڕاسته‌قینه له خولیاوخه‌یاڵ جیا نه‌کرێته‌وه، ترس و خه‌ته‌ری تریش ئه‌وه‌یه که سوننه‌ت به مانای ڕاوه‌ستان لێک بده‌ینه‌وه و به دژی هه‌موو ئاڵوگۆڕێکی بزانین و سه‌ودا و حه‌زی گه‌ڕانه‌وه بۆ بارودۆخی ڕابردوو له مێشکماندا په‌روه‌رده بکه‌ین و پێمان وابێ، ئه‌و بارودۆخانه شایانی هه‌رمان و نه‌مرین؛ له باتی ئه‌وه‌ی که ئه‌و گوڕ و تینه ژیان به‌خشه به‌گوڕتر بکه‌ین که سامانی ڕابردووی به‌دی هێناوه.
به حه‌سره‌ته‌وه بۆ ڕابردوو ڕوانین که‌ڵکی نییه، سه‌ره‌تا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ته‌نانه‌ت باش ترین سوننه‌ته زیندووه‌کان تێکه‌ڵاوییه‌کن له باش و خراپ که ده‌بێ له‌به‌ر تیشکی ڕه‌خنه‌دا هه‌ڵاوێژرێن، دواتریش ئه‌وه‌ی که پاراستنی سوننه‌ت ته‌نیا له‌به‌ر لایه‌نی هه‌ست و عاتیفه نییه، ته‌نانه‌ت ڕه‌وا نییه که به بێ توێژینه‌وه‌ی زۆر ورد، له‌سه‌ر هێندێک بۆچوونی به‌رچاوته‌نگانه پێداگری بکه‌ین، چونکه بۆی هه‌یه، ئه‌و شته‌ی که زه‌مانێک وه‌ک باوه‌ڕێکی پاک و ساغ چاوی لێده‌کرێ، له سه‌رده‌مێکی تردا به ده‌مارگرژییه‌کی ڕووخێنه‌ر بزانرێ، مه‌گین ئه‌وه‌ی که یه‌کێ له‌و باوه‌ڕه ده‌گمه‌نانه بێ که زۆر بنه‌ڕه‌تین، هه‌روه‌ها نابێ پاراستنی سوننه‌ت بکه‌ینه دارده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی که خۆمان به زل تر له‌هه‌موان دابنێین.
ئه‌وه‌ی که ئه‌رکی ئێمه‌یه، ئه‌وه‌یه که له بیرمان نه‌چێ، سوننه‌ت به‌بێ عه‌قڵ بۆ پاراستن ناشێ و ده‌بێ بیر و مێشکی خۆمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی باش ترین شێوه‌ی ژیان وه‌گه‌ڕ بخه‌ین، ئه‌ویش نه‌ک وه‌کوو بۆچوونێکی ڕووتی سیاسی، به‌ڵکوو وه‌ک خه‌ڵکێکی سه‌ر به‌خۆ له وڵاتێکی تایبه‌تدا، تێبگه‌ین که له سامان و میراتی ڕابردوومان چ شتێک بایه‌خی پاراستنی هه‌یه و چ شتێکیش ده‌بێ فڕێ بدرێ و چ هه‌لومه‌رجێک ده‌بێ بۆ شایانی تواناییه‌کانی خۆمان بخوڵقێنین، تاکوو کۆمه‌ڵگای ئاواتمان بێنێته دی.
----------------------------------------------------------------------------------------------
*تابۆ: قه‌ده‌غه‌کراو یان حه‌رام کراو؛ به پێی نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌به‌ر خراپی یان پێرۆزی.
سه‌رچاوه: کتاب دیدگاههای نقد ادبی (ولبوراسکات و چند نوشته از تی. اس. الیوت)
ترجمه ی فریبرزسعادت – تهران - انتشارات امیرکبیر – چاپ دوم 1378