ئەدەبیاتی بنەماکان

نووسه‌ر: ئۆکتاڤیۆ پاز

وه‌رگێڕ: م.ساماڵ ئه‌حمه‌دی

ئاخۆ شتێک بە ناوی ئەدەبیاتی ئیسپانی_ئەمریکی بوونی هەیە؟ لە کۆتایی سەدەی  ڕابردوودا دەگوترا کە ئەدەبی ئێمە پەلێکە لە درەختی ئیسپانیایی.

ئەگەر مەبەستمان تەنیا لە بارەی زمانەوە بوایە، قسەی لەمە ڕاستتر نەدەبوو.

ئێمە ئیسپانی _ ئەمریکییەکان، ئەرجەنتینی بین یا مەکزیکی، خەڵکی شیلی بین یان خەڵکی کووبا، هەموومان هەر بە زمانی ئیسپانیایی دەنووسین. لە ڕاستیدا زمانی ئێمە و ئەوەی کە لە ئاندۆلۆس، ئاراگۆن یان ئیسترمادۆرا پێی دەنووسرێ، جودا نییە. بە توێژینەوە سەلمێندراوە کە لە ئەمریکا پتر لە ئیسپانیا، یەکگرتوویی زمانیی هەیە. بێ لەمە نەدەبوو؛ ئێمە قەت سەدەکانی نێوەڕاستمان نەئەزمووە. ئێمە لە بەرەبەیانی سەردەمی نوێدا لەدایک بووین و زمانی کاستیلی کاتێک گەیشتە لێواری ئاوەکانی ئێمە، لە قۆناغی ئەزمووندارێتی و دنیایی‌بووندا بوو. ئەگەر لە ئیسپانی _ ئەمریکیدا کەمایەسییەک هەبێ، هەر لە تایبەتمەندییەکانی سەدەکانی نێوەڕاستە.

ڕاستە کە ئێمە بۆ خۆمان تایبەتمەندیگەلی ترمان داهێناوە، بەڵام هیچ خەتەرێک لە گۆڕێدا نییە بۆ ئەوەی کە تایبەتمەندییەکانی شێوەزاری ئەرجەنتینی ببێتە هۆی بەدیهاتنی زمانگەلی جودا. هەر چەندە زمانی ئیسپانی_ ئەمریکی تاهەتایە نامێنێتەوە _ هیچ زمانێک وانییە_ سەرەڕای ئەمەش بەقەدەر زمانە تازەکانی تر دەژی: ئێمەش هەر لەو زەمانەدا دەژین کە ڕووسی، فەڕەنسی و ئینگلیزییەکان تێیدا دەژین. بەڵام ئەو زمانەی کە ئیسپانی_ ئەمریکی قسەی پێدەکات شتێکی ترە و ئەو ئەدەبیاتەش کە لێیەوە دادێ شتێکی ترە.

ئێستا پەلکی دارەکە هێندە هەڵچووە و بە خۆداهاتووە وەک نێوقەدەکەی ئەستوور بووە. لە ڕاستیدا ئەم دارێکی ترە ، دارێکی جودا بە گەڵای سەوزتر و هەڵاڵەی تاڵترەوە. ئەو مەلانەی کە بە سەر پۆپەی ئەم دارەوە هێلانەیان سازکردووە، لە ئێسپانیا ناسراو نین.

ئەدەبی ئیسپانی_ ئەمریکی یا ئەدەبیاتی ئیسپانیایی- ئەمریکایی؟

ئەگەر کتێبێک لەبارەی مێژووی ئیکوادۆر یان ئەرجەنتیندا هەڵبدەینەوە ، تووشی بەشێک دەبین کە تایبەتە بە ئەدەبیاتی نەتەوەیی‌. بەڵام ناسیۆنالیزم لێرە جۆرێک هەڵەپەتێی هونەرییە. هیچ شتێک ئەدەبیاتی ئەرجەنتین لە هی ئۆرۆگۆئە یا ئەدەبیاتی مەکزیک لە هی گواتمالا هەڵاوێردە ناکات.

ئەدەبیات بەرینترە لە سنووران. ڕاستە کە کێشەکانی شیلی لە هی کۆلۆمبیا جودان و سوورپێستی بولیوی چ لایەنی هاوبەشی لەگەڵ ڕەش­پێستی ئانتیلدا نییە، بەڵام جۆراوجۆریی ئاست، ڕەچەڵەک و بەستێنەکان نابێتە هۆکاری نکووڵی کردن لە یەکگرتوویی زمان و کولتووری ئێمە. یەکێتی، هاوفۆرمبوون نییە.

کۆمەڵگە ئەدەبییەکان ، شێواز و هۆگرییەکانی ئێمە ، لە گەڵ ناکۆکییە سیاسی، ڕەگەزی و جوگرافیایی‌یەکان شیاوی پێکگرتن نین. قوتابخانە و شێوازگەلی نەتەوەیی هەبوونیان نییە. ئەوەی هەیە نەریتە مانایی و هونەرییەکانە و شتگەلێکی گشتییە. شێعری شیلی یان ڕۆمانی ئەرجەنتینی ئیتیکێتی جوگرافیایین ، بەڵام ڕاستیخوازی و لایەنگرییە هونەری و فیکرییەکانی تر وانین. هەڵبەت بزاڤه‌ هونەرییەکانمان کە لەم وڵات یا لەو وڵات لەدایک دەبن ، ئەگەر بەڕاستی بە بەروبۆ بن بە خێرایی سنورەکان دەبەزێنن و لە وڵاتانی تر ڕەگاژۆ دەکەن. بێجگە لەمەش، جوگرافیای سیاسی ئەمەریکای لاتین فریودەرە. ئەم فرەییە نەتەوەیی‌یانە ، بەرهەمی  ئەو ئاست و بەڵایانەن کە لە ڕاستەقینەی خەڵکی ئێمەوە بە دوورن.

ئەمەریکای لاتین وشکایی‌یەکی دەستکردە و بە دەستی حاکمانی ناوچەیی و سەرۆکانی نیزامی و داگیرکەرانی دەرەکی لووت و گۆیی بڕدراوە. ئەگەر ئەو هێزانە لەنێو بچن (کە وردە وردە لە نێو دەچن) سنوورەکان بە جۆرێکی تر دەبن، هەر ئەو هەبوونەی ئەدەبیاتێکی ئیسپانیایی_ ئەمریکایی خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی یەکێتی مێژوویی گەلانی ئێمەیە. ئەدەبیات هەمیشە بەرهەمی ڕاستییەکی مێژوویی یا خۆپیشاندانەوەیەکی سەرەڕای ڕاستەقینەیە. ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ ئەمریکاییش لەم ڕێسایە هەڵاوێردە نییە. تاکە تایبەتمەندیی ئەم ئەدەبیاتە لە ئەو ڕاستییەدا شاراوەیە کە ڕاستەقینەیەکی یۆتۆپیایی‌یە و ئەم ئەدەبیاتە سەرەڕای ئەو ڕاستەقینەیە گەشەی کردووە. ئەدەبیاتی ئێمە وڵامی ڕاستەقینەی بێ درۆی ئەمریکایی‌یەکانە بۆ ڕاستەقینەی یۆتۆپیایی ئەمریکا. ئێمە بەر لەوەی کە خۆمان هەبوونمان هەبێ، لە چێوه‌ی هزرێکی ئەورووپاییدا وەڕێ کەوتین. ئەگەر ئەو ڕاستییە لە بیر بکەین کە ئێمە بەشێکین لە مێژووی یۆتۆپیاکانی ئەورووپا ، ڕاستەقینەی ئێمە نافامرێ. پێویست ناکات بۆ سەلماندنی یۆتۆپیایی‌بوونی ئەمریکا بگەڕێینەوە بۆ مور یان کامپانلیا. هەر ئەوەندە بەسە وەبیر خۆمانی بینینەوە کە ئەورووپا، لە هێندێک لایەنەوە بە بێ ئەوەی کە خۆی بیهەوێ ، بەرهەمی مێژووی ئەورووپایە، بەڵام ئێمە داهێنراوی گەڵاڵەکراوی ئەورووپاین.

تاکوو چەندین سەدە ئەورووپایی‌یەکان نەیاندەزانی کە ئەوروپایین. کاتێک لەوە تێگەیشتن کە ئەورووپا ببوو بە ڕاستەقینەیەکی مێژوویی، ئەوان تێگەیشتن کە گرێدراون بە شتێکی بەرینتر لە شارەکانی خۆیانەوە. تەنانەت ئەمڕۆش ڕوون نییە کە ئەوروپایی‌یان هەست بە ئەوروپایی‌بوونی خۆیان بکەن. ئەوان ئەو بابەتە دەزانن بەڵام زانیین لەگەڵ هەست پێکردن زۆر جوداوازە.

لەبارەی ئەورووپاوە ڕاستەقینە گرینگترە لە ناو. بە پێچەوانە ده‌ستپێکی ئه‌مریکا لە هزرێکەوە بوو.

سەرکەوتنێک بۆ نوێ مینالیزم: ناو بوو بە هۆکاری بەدیهاتنی ڕاستەقینە. وشکایی ئەمریکا هێشتا نەدۆزرابۆوە کە غوسڵی لێدەرکرا. ناوەکەمان ناچاری کردین کە دنیایەکی تازە بین. وڵاتێک کە داهاتووی خۆی هەڵدەبژێرێ: ئەمریکا بەر لە هەبوون دەیزانی دەبێ بەچی. هەر کە ڕەوەندەی ئەورووپا پێی نایە لێواری ئاوەکانی ئێمە، ڕاستەقینەی مێژوویی خۆی دانا: ئەو ئیتر ڕابردوو نەبوو، فیشه‌کێکی خێرا بوو کە سیرەی لە داهاتوو گرتبوو. پتر لە سێ سەدە "ئەمریکایی" کەسێکی دێنایە بەرچاوت کە نەک بەکردەوەکانی ڕابردوویەوە، بەڵکوو بە ئەو شتەوە پێناسە دەکرا کە لە داهاتوودا دەیکرد. ئەو کەسەی کە ڕابردووی نییە و تەنیا داهاتووی هەیە. کەسێک کە ڕاستەقینەیەکی کەمی هەیە. ئەمریکایی‌یەکان: خەڵکانێک بە ڕاستەقینە و قورسایی کەمەوە. ناوی ئێمە مەحکوممان دەکات کە گەڵاڵەی مێژوویی زەینی دەرەکی بین ؛ زەینی ئەورووپایی‌یەکان.

هەر لە سەرەتاوە ئەمریکای ئەنگلۆساکسۆن یۆتۆپیایەکی باو بوو.

ئەمریکای ئیسپانیا و پرتۆگاڵ ، بیناگەلێک بوون لە دەرەوەی زەمان.  لە هەردووکیاندا زەمانی ئێستا نەرێ دەکرا. تاهەتایی و داهاتوو، بەهەشت و پێشکەوتن، هەموویان نکووڵی دەکەن لە ئەمڕۆ و ڕاستەقینەی ئەمڕۆ _ چاودێری بێفیزی خۆری هەموو ڕۆژێک_.

لێرەدا وێکچوونی ئێمە و ئەنگلۆساکسۆنەکان کۆتایی دێ.  ئێمە بەرەی بزاڤی دژی ڕیفۆرماسیۆن و ئیمپراتۆریی دنیاین. ئەوان بەرەی لووتێر و شۆڕشی پیشەیین. هەر بۆیە ئەوان لە هەوای مژاویی داهاتوودا هەناسەیان سوار دەبێ و هەر بەو هۆیەش لەگەڵ ڕاستەقینەدا پیوەندیی نزیکیان نییە.

ئەوەی کە وەکوو باوە پێی دەلێن ڕیالیزمی ئەنگلۆئەمریکایی، شتێک نییە کە جودا بێ لە کردەوەخوازی. ئەو کارەی کە بریتییە لە سووککردنی ماددەی پێکه‌ڵاوی شتەکان بۆ ئەوەی بیانکەن بە گەڕیانگەلی بەهرەدار. ڕاستەقینە ئیتر ماددە نییە و بووە بە زنجیرەی کردەوەکان. هیچ شتێک تاسەر نییە چونکە ئەو بیچمە دڵخوازەی کە ڕاستەقینە بە خۆیەوە گرتووە، کردەوەیە.  هەموو کارێک تاوێک دەپێوێ و بۆ ئەوەی درێژەی هەبێ دەبێ بگۆڕدرێ، ببێ بە کارێکی تر.

ئەمریکای ئیسپانیایی و پرتۆگاڵی بەسەر بناغەی شارستانیەتێکدا هەڵچنراوە کە پێی وابوو ڕاستەقینە گەوهەرێکی نەگۆڕە. کردەوە مرۆیی، سیاسی یا هونەرییەکان تەنیا بۆ درەوشانەوە لە بەرهەمەکاندا بوون، بۆ هیچ کارێکی تر نەدەبوون. ئەو بەرهەمانە شکڵێک لە ئاواتی مانەوە و هەرمانن و بناغەیەکی پتەون تاکوو لە بەرانبەر گۆڕاندا ڕاوەستن. ئەو کاتەی کە دەبیستم ویتمەن شاعیری گەوەری ڕاستەقینەی ئەمریکایی‌یە، سەرم بەرز دەکەمەوە و خۆم هەڵدەکێشم. ڕاستەقینەی ویتمەن مەیلی هەستکردن بە شتێکی ڕاستییە، شێعری ویتمەن تامەزرۆی ڕاستەقینە و یەکبوونە لەگەڵ هەمووان: لە وڵاتی هیچ کەسانەوە ڕوو لە هەرێمی هەمووان دەکات. ئەمریکای ساکسۆن، تامەزرۆی هەبوونە. کردەوەخوازیی یۆتۆپیایەکە، قەت وێنا ناکرێت، هەربۆیە هەمیشە دەبێ بە کامووس. وێڵی ڕاستەقینەی هەستپێکراو _ ئەوەی کە بە چاو دەبینرێ و بە دەست ناگیرێ _ نییە. بەڵکوو بە دوای وێنەیەکی تێکەڵاودا دەگەڕێ لە ئاوێنەی کردەوەدا: ڕاستەقینە دەگۆڕێت بە بێ ئەوەی کە دەستی پێدابێنێ یا چێژی لێ ببات. ماڵ بەکۆڵیی ئەنگلۆ-ئەمریکایی‌یەکان -تیرێک کە سیلەی لە داهاتوو گرتووە و ڕمبێک کە قەت نیشانەکەی نائەنگێوێ- لە بۆشاییدا نییە، بگره‌ لە زەماندایە: ئەو زەوییەی کە پێیدا دەڕۆن وڵاتی داهاتووە.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ئەمریکایی ئیتر ڕەنگدانەوەی ئەدەبیاتی ئیسپانیا نەبوو. شاعیرانی" مۆدێڕنیست" بە گشتی لەگەڵ ئەو مۆدێلانەی کە لە ئیسپانیایان بە قەرز وەرگرتبوو ماڵ ئاواییان کرد. بەڵام ڕوویان نەکردە وڵاتەکانی خۆیان، بەڵکوو چاویان لە پاریس بڕی. ئەوان بە دوای زەمانی هەنووکەوە بوون. یەکەم شاعیرانی ئیسپانیایی ئەمریکایی کە هەبوون و یەکێتی خۆیان ناسییەوە، بەرەی  دەرکراون بوون. ئەوانەی کە نەیانتوانی خۆیان ڕزگار بکەن، بە پێی تێکۆشان و خەیاڵی خۆیان چەندین بابل و ئەسکەندەرییەیان ئافراند. ئەم ئەدەبیاتە هەڵاتن بوو، لەهەمان کاتیشدا تێکوشان بوو بۆ تێکەڵاو بوون لەگەڵ ژیانی نوێ و وەدەستهێنانی زەمانی هەنووکە. ئەوان دەیانویست لەگەڵ زەمان پێشکەون، دەیانویست لە گەڕی سەرەکیی دنیادابن.

بەشی ئێمە لە دنیای نوێ ماڵێک بوو کەون و ده‌رگا داخراو، کە نیوەی لە پەره‌ستگا و نیوەکەی تری لە سەربازخانە دەچوو. یەکەم کار دەبوو دیواران بڕووخێن و خەوتووان وەخەبەر بێن و تارمایی لە زەینیاندا نەمێنێ. (ئەو تارمایی‌یانە تەواو ڕاستی بوون و هەشن: ڕابردوویەکی پەلکێش کە لەنێو ناچێ مەگین بە زۆر لە ڕەگەوە هەڵکەندرێ.) ئەگەر نزای شاعیرانی مۆدێڕنیست بۆ دوورخستەوەی تارمایی‌یەکان نەیتوانی ئەو تارمایی‌یانە لەنێو بەرێت، لانیکەم توانی ڕۆچنەیەک بەرەو ڕووناکایی بکاتەوە. ئێمە توانیمان دنیا ببینین: لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بووین. دەبوو خێرا کەین. لە نێو تاراواندا کەسانێک هەبوون کە چاویان لە ڕاستەقینەی ئیسپانیایی _ ئەمریکایی بڕیبوو.

ئاخۆ لە دەرەوەی ڕابردووی ئیسپانیا، شتێکی گەورەی لە جووڵە کەوتوو هەبوونی نەبوو؟ هێندێک لە شاعیران ، نەک بەیارمەتیی بیرەوەری بەڵکوو لە رێگەی خەیاڵەوە، دنیایەکی بەرین و سروشتییان کەوتە بەرچاو، کەلاوەی شارستانیەتە درەوشاوە ستەمکارەکان کە لە نێوان لێڕەوار و دارستان و گڕکانەکاندا ون ببوو. "ئەدەبیاتی هەڵاتگ" زۆر زوو بوو بە ئەدەبیاتی دۆزینەوە و گەڕانەوە. ڕووداوی ڕاستینە لە ئەمەریکا ڕووی دا.

 تا ڕادەیەک هەمیشە ڕێگای بوینس‌ئایرس لە پاریسەوە تێپەر دەبوو. لە ئەزموونی ئەو شاعیر و نووسەرانەڕا وا دیارە کە بۆ گەیشتنەوە بە ماڵەکانی خۆیان، پیویست بوو سەرەتا بوێریی بەجێهێشتنی ئەوێیان هەبێ. تەنیا کوڕی سەرەڕۆ، دەتوانێ بگەڕێتەوە.

لۆمەکردنی ئەدەبیاتی ئیسپانیایی _ ئەمریکایی لە بەر بێ‌ڕه‌گ و ڕەگەزبوون، لەبەرچاونەگرتنی ئەو ڕاستییەیە کە هەر ئەو بێ‌بنچینەییە بوو بواری پێداین تاکوو بەشی خۆمان لە ڕاستەقینە وەدەست بێنین. مەوداگرتن پێداویستیی دەستپێکی دۆزینەوە بوو. ئەگەر مەودا و بەرهەمە تراویلکەییەکانیمان بکردنایە بە ڕاستەقینە، زەرەری نەبوو. یەکێک لە تراویلکەکانی ئێمە دنیای سروشتیی ئەمریکا بوو، ئەوەی تریش ڕابردووی سوورپێستان بوو. سروشت لەخۆیدا شێوازێکی تێڕامان نییە: ئەو چاوەی کە بە ناخیدا دەڕوانێ و ئەو ئیرادەیەی کە دەیگۆڕێ، شێوازی تێفکرینە. دیمەنەکان، شێعر و مێژوو، یا وێنان یا کارن.

وڵاتەکانمان و شارەکانمان دوای ئەوەی کە شاعیران و نووسەران ناویان بردن، بوون بە خاوەنی هەبوونی ڕاستەقینەی خۆیان. شتی وا لە مەڕ ڕابردووی سوورپێستەکانمانەوە نەبوو. لە لایەکەوە سورپێستەکانی ئێمە ڕابردوو نین بەڵکوو زەمانی هەنووکەن، ئەو زەمانی ئێستایەی کە بە سەر سەرمانەوە دەبریسکێتەوە، لە لایەکی تریشەوە ئەوان سروشت نین، بگره‌ ڕاستەقینەی مرۆڤانەن.

ئەدەبیاتی ناوچەیی لە هەر دوو لایەنی خۆیەوە_ ڕازێنەری و فێرکاری ، کەونارای و مەزهەبی_ وەکوو داهێنەریی هونەری و ئامۆژگاریی کۆمەڵایەتی دووچاری شکست بووە. هەر ئەوەش لەمەڕ ئەدەبیاتی ڕەش‌پێستانەوە دەکرێ ڕاست بێ.

لە ئەمریکای ئیسپانیایی زمان، نووسەرانی سوورپێست و ڕەش­پێستی وای لێیە کە لە ڕیزی گەوەرەترین نووسەران دان. بەڵام بارودۆخیان ناچاری کردوون کە بنووسن، نەک ئەوەی کە لە بارەی بارودۆخی خۆیانەوە بنوسن. یەکێک لە پڕبایەخترین بەرهەمگەلی هاوچەرخی ئێمە نوسراوەیەکی دیکۆمێنتییە لەبارەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە: چیرۆکی ژیاننامەی "خوان پرێز خولوتە" کە سوور پێستە.

بێ ڕیشەیی ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ئەمریکایی بە هەڵکەوت نییە. بەرهەمی مێژوومانە، بەرهەمی ئەو ڕاستییەیە کە لە بنەچەکەوە، هزرێکی ئەوروپایی بووین. بەڵام ئەگەر هەموو لایەنان لەبەرچاو بگرین، دەبینین کە تێپەڕ بووین و هەڵکشاوین. ئەو کاتەی کە "رۆبێن داریۆ" (نەغمەکانی ژیان و هیوا)ی نووسی، ئەوە نووسەرێکی ئەمریکی نەبوو کە ڕووحێکی نوێی دیتبێتەوە. بەڵکوو ڕووحێکی تازە بوو کە لە ڕاستەقینەی ئەمریکای ئیسپانیایی تێ گەیشتبوو. ئەوەیە، ئەو شتەی کە ئێمە لە ئیسپانیایی‌یەکان هەڵداوێرێ. "ماچادۆ" پێی وابوو کە ئیسپانیایی تەنیا کاتێک جیهانییە کە لە ناخی‌ناخەوە ئیسپانیایی بێ. خوان ڕامون خیمینز بە خۆی دەگوت: " ئاندۆلۆسیی جیهانی." ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ ئەمریکایی بەلایەنی ئاوەژوودا بەرین دەبێتەوە، بە بۆچوونی ئێمە ئەدەبیاتی ئەرجەنتینی، جیهانییە، لەولاشەوە پێمان وایە کە هێندێک لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی دنیا، ئەرجەنتینین. بێجگە لەمە، ئێمە بە یارمەتی بێڕیشەیی خۆمان، نەریتێکی نێژروا، یانی ئەدەبیاتێکی کەونی ناوچەییمان دیوەتەوە. کارتێکەریی شيعری ناهواتل لەسەر زۆربەی شاعیرانی مەکزیک زۆر بە قووڵی دیارە، بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەزموونی سووڕیالیزم نەبوایە، یا لەبارەی ڕوبن ‌‌بونیفاز نونو_ەوە ئەزموونی شيعری لاتین نەبوایە، بەو زووانە وێنەی خۆیان، ئاڵۆزکاو و پەشۆکاو، لەو دەقانەدا نەدەدۆزییەوە. سەیر نییە کە وەرگێڕی شيعرەکانی ویرژیل یەکێک لەو کەسانەیە کە باشتر لە هەموو کەسێک لە چۆنایەتی " مۆدێڕنی" شيعری ناوچەیی تێ گەیشتووە. هەر بەو شێوەیەش نێرۆدا ناچار بوو تێکۆشانی مرۆڤی بێ سنوور پێش دامەزران لە نشینگەی زەمیندا بنوسێ. ئەو زەوینە کۆییە؟ ئەوە ئەمریکایە و لە هەمان کاتدا کەلکەتە و کۆلۆمبۆ و ڕانگۆنیشە. زۆر نمونەی­ تریش هەن: ڕۆمانەکانی بیۆیی کاسارس، کورتازار و شيعرەکانی لێزاما لیما و سینتۆ ویتایر، بەڵام ئەو کارە پێویست نییە: کتێبێکی شاعیری ئەرجەنتینی ئێنریکە مولینا ناوی" خڕێنيی زەوییە".

گەڕانەوە، دۆزینەوە نییە. نووسەرانی ئیسپانیایی_ئەمریکایی چ شتێکیان دۆزیوەتەوە؟ تا ڕادەیەک هەموو بەرهەمەکانی بۆرخس_ مەبەستم تەنیا پەخشانەکانی نییە، بگرە زۆربەی شيعرەکانیشی، باسی نەبوونی هەبوویەک بەناوی ئەمریکا دەکەن. بوینس ئایرسی بۆرخس بەقەدەر بابلییەکان و نەینواکانی ئەو لە ڕاستی بەدوورن. ئەو شارانە خوازەن، کامووسن، داتان. ئەو خوازەیە دەڵێ چی، ئەو خولیایە لە خولیادا چ دەبینێ؟ خولیایەکی تر بە ناوی بورخس. ئەو خولیایەش؟ خولیایەکی تر. لەپێشدا کەسێک خەون دەبینێ، ئەگەر لە خەو ڕاپەڕێ، ڕاستەقینەی لە خەودا دیتراو بزر دەبێ. لە ژێر گوشاری ژانی مردندا، ناچارین خەون بە بوینس ئایرسەوە ببینین، کە لەو خەوەدا بۆرخس خەریکە خەون دەبینێ. کارەکانی ئەو شاعیرە نە تەنیا باسی نەبوونی هەبوویەک بە ناوی ئەمریکا دەکات، بگرە دەشیسەلمێنێ کە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە ئەمریکا شتێکی بێ ئەملاولایە. یان بە واتایەکی تر: ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ ئەمریکایی جۆرێک دەسمایەدانانە لەسەر خەیاڵ.

ئێمە سوورین لەسەر سازکردنی ڕاستەقینەی خۆمان: " تریفەی سەعات چواری بەیانی بە سەر دیوارێکی ئاوماڵ سەوزی ناوچەی بوگوتادا؛ دابارینی تاسێنەری تاریکایی لە ماڵێکی سانتو دومینگۆدا(لە ماڵێکی نێوەڕاستی شاردا شۆرشگێرێک چاوەڕێی هاتنی پۆلیسە)؛ کاتی هەڵچوونی تەواوی ئاو لە لێواری والپارائیزۆ( کچێک خۆی ڕووت دەکاتەوە و تەنیایی و عیشق دەدۆزێتەوە)،  نیوەڕۆی تاقەتپڕووکێن لە گوندێکی ویلایەتی خالیسۆی مەکزیک( دێهاتییەک پەیکەرێکی داتاشیوە، بەیانی دەچێ بۆ شار، نەناسیاوێک لەوێ چاوەڕێیەتی و سەفەرێک...). ئەو کارانە بۆ دۆزینەوەی ڕاستەقینەن یا بۆ ڕزگارکردنی ئەو؟ بۆ هەردووکیان. ڕاستەقینە خۆی لە بیرەوەریی شاعیراندا دەدۆزێتەوە و شاعیرانیش خەیاڵی خۆیان لە ڕاستەقینەدا دەناسنەوە. خولیاکانمان لە کۆڵان چاوەڕێمانن.

ئەدەبیاتی ئیسپانیایی_ ئەمریکایی کە بێ‌بنجە و دنیا نیشتمانییەتی. هەم جۆرێک گەڕانەوەیە و هەمیش گەڕانێکە بە دوای نەریتدا. لە گەڕان بە دوای نەریتدا، نەریتی تر دادێنێ. بەڵام داهێنان و دۆزینەوە وشەگەلێکی رێکوپێک نین بۆ پێناسەی خاوێنترین ئافرێنراوەکانی ئەو ئەدەبیاتە. ئەوە ئیشتیای دۆنادۆنە و ئەدەبیاتێکە لە بنەماکان.