ته‌نیا وه‌ته‌نی نووسه‌ر، دووکانی کتێبفرۆشییه.
ر. بۆلانیۆ
زۆر ئێوارێ که دێیه ده‌رێ نازانی چ بکه‌ی؟ تێکه‌ڵ ئه‌و حه‌شاماته‌ی نێو شه‌قام بی و هه‌ر له‌و سه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی قه‌دیمه‌وه چاو له مۆد و دووکانان بڕی تا ده‌گه‌یه چواڕێی ئه‌سکه‌نده‌ری و باس له ئه‌وه بکه‌ی کێ ده‌وڵه‌مه‌ند بووه و ئه‌وه چۆن وای لێ هات و دیتنی مانتۆی ژنان و قژی سه‌ری گه‌وره‌کوڕان و بگه‌ڕێیه‌وه تا ئیسکیپی و چاولێکردنی یه‌کدوو ڕۆزنامه‌ی زه‌رد و جه‌دوه‌ل و ڕاگرتنی تاکسییه‌ک و بێتاقه‌تی. سه‌ر له دووکانی یه‌کدوو دۆست بده‌ی و گاڵته‌یه‌ک و کورته هه‌واڵێکی یه‌کتر و بایبایهکی ئینگلیزی ودیسان بێ تاقه‌تی. خۆ بکه‌ی به قاوه‌خانه‌دا و چایه‌کی پڕڕه‌نگ و بۆنی جگه‌ره و قلیان و هه‌واڵی مردن و شایی و هه‌ڵگیرانی ژنان و حیزی پیاوان و حه‌شیش و شیشه و هه‌میسان بێتاقه‌تی. هێندێک که‌لوپه‌لی ماڵ بکڕی و چاو به نێو دووکاناندا بگێڕی و قیمه‌تی شتی جوراوجۆر بپرسی و بڵێی چه‌ن گرانه و شت بۆته قه‌باعه‌ت و خودا خراپتری نه‌کا و تووره‌که‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه به‌ره‌و ماڵێ و هه‌میسان بێتاقه‌تی. ده‌کرێ ئێوارێ ئاوا ببێته شه‌و. شه‌وێک پڕ له بێده‌نگی و نیگای تلووزێن و هێندێک برێشکه‌ی سۆر و خه‌وێکی نزیک له مردن.
چه‌ن ساڵ له‌وه پێش ده‌کرا ئێوارێ ئاوا نه‌بوا. له‌سه‌ر چوارڕێی شاره‌بانی، محه‌ممه‌دی ئه‌حمه‌دی- ساماڵی شاعیر- به ئه‌وپه‌ڕی دڵگه‌وره‌یییه‌وه کتێب‌فرۆشی "ڕۆژ"ی هه‌بوو. ئه‌و شوێنه‌ی جه‌ماوه‌ری به نێو مۆدێڕنی شار، بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئاواتی ده‌یان که‌س له‌و دووکانه‌دا خه‌ریکی سه‌مان، به به‌ریدا تێده‌په‌ڕین. دووکانێک پڕ له نووسین و خوێندنه‌وه و چاویلکه له‌چاوانی کهمپارهی کتێب‌خوێنی پڕئاره‌زووی کڕینی کتێب. له خه‌یاڵی مندا بیری مسته‌فای کوڕه‌چاکه‌ی برای، له دووکه‌ڵی جگه‌ری پێش چاوه‌چکۆله‌کانیه‌وه هه‌ر دیاره: زۆری دڵ پێوه بوو له جیات ئه‌و هه‌موو قسه‌ی نێو دووکان، وه‌ک دووکانێکی کۆتاڵفرۆش پووڵ و پاره له دهخڵیاندا هاتبا و ڕۆیبا. بۆیه دایمه بیری له‌وه ده‌کرده‌وه:"کشتوکاڵ چاکتره له کتێبفرۆشتن." محه‌ممه‌د ده‌یزانی ده‌خڵی دووکان به ئاوات پڕ نابێ و دووکه‌ڵی جگه‌ره‌ی ئه‌و بیری له‌و ڕۆژانه ده‌کرده‌وه که بژیوی ژیان کتێبفرۆشتنی پێ ته‌رک ده‌کات.
ئێوارانی ئه‌و ده‌م که ده‌چوویه ده‌رێ ده‌تزانی جێگایه‌ک هه‌یه که بچی و بێتاقه‌ت نه‌بی. جێگایه‌ک هه‌یه که ده‌روونت سوکنایی پێ بێ. نێو کتێب و کتێبخوێن و شاعیر و نووسه‌ر و دۆسته‌کانیان. دووکانێک پڕ له کاغه‌ز و کۆپی و کتێب و پێنووس و ده‌فته‌ری یادگاری و خه‌یاڵاتی جۆراوجۆر. بێتاقه‌ت نه‌ده‌بووین له‌وێ. قسه ده‌هات و ده‌چوو. ون ده‌بووی له مژی جگه‌ره و بۆنی چایی جارجاره و ده‌بیندرایه‌وه. محه‌ممه‌د قه‌ت نێوچاوان گرژ نه‌ده‌بوو. گۆڤاره کوردییه‌کان له‌وێ ده‌بیندران. زۆر گۆڤاری تایبه‌تیش ده‌هات که پێ‌نیشان هی وه‌ک من نه‌ده‌درا به‌ڵام هه‌واڵه‌کانیمان پێده‌گه‌یشت. تامه‌زرۆ بووین بزانین چیمان له کوێدا بڵاو بۆته‌وه. له‌وه‌شدا هه‌میشه ده‌سته‌یه‌ک سه‌رتر بوون. که‌متریان ده‌نووسی و زۆرتریان لێ چاپ ده‌بوو. نووسراوه‌ی ئه‌مدیو وئهودیوی کوردی ده‌هاته که‌شی کتێب‌فرۆشی ڕۆژه‌وه. زۆرجار میوانی ئهمبهرئهوبهرمان له‌وێ ده‌دی که یه‌کی وه‌ک من له‌و ساڵانه‌وه ئیدی نه‌یدیون. زۆرجار هێنده باس له که‌سایه‌تی هێندێک که‌س ده‌کرا ده‌تکوت هه‌میشه له‌وێن: هاشم سراج و شێرزاد و ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی و کاک حوسێن و عه‌زیز و سه‌یدی هه‌واڵی و خالق و ئه‌مین و بێگه‌رد و فه‌رهاد شاکه‌ڵی و ره‌زازی و هێمن و به‌ختیار و فه‌رهاد پیرباڵ و عه‌تای نه‌هایی و ساڵحی سووزه‌نی و فهتاحخان و کاک ناسر و وه‌فای شاعیر و په‌شێو و سه‌یدجه‌عفه‌ر و کاک سمایلی کتێبدۆست و شێرکۆ و ڕه‌فیق سابیر و عه‌لی محه‌مه‌دزاده‌ی بێده‌نگ و یۆنس و ئازادی شاعیر و قادر و خه‌ونه‌کانی خودا و گروپی خۆر و ئه‌نجوومه‌نیه‌کان و هه‌واڵانی ئه‌نجوومه‌ن و ڕه‌سووڵ و فه‌وزێی شاعیر و ڕێبینی کوڕیان و خالق و کامیل و قادر و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و سه‌لاحی مه‌نگوڕ و لاوانی وه‌ک ئه‌مجه‌د و خه‌ونه دزراوه‌کانی محه‌مه‌دی ڕه‌مه‌زانی و ئاواتهسیاسییهکانی جه‌واد و ده‌یانی که‌سایه‌تی دیکه‌ی نێو کتێبه‌کان هه‌واڵی ئه‌وده‌ممن. له کتێبخانه‌ی ڕۆژ هه‌میشه ته‌مومژی کار و کار و کار بوو. هه‌موو کارمان ده‌کرد. ده‌ماننووسی و ده‌مانخوێنده‌وه. بۆیه له‌و ئێوارانه‌دا بێ تاقه‌ت نه‌ده‌بووین. شتێکمان پێ‌بوو که باسی بکه‌ین. لێواولێوی ئه‌ده‌بیات ده‌بووین له دووکان و به‌ردووکانی محه‌ممه‌د و وامان لێده‌هات که شه‌وانه بێنووسین خه‌ومان لێنه‌ده‌که‌وت. دووکانی محه‌ممه‌د کانگای حه‌سانه‌وه‌ی ڕووح بوو. زۆر شه‌ڕی لێ ساز ده‌بوو و زۆر دیداری ئاشتیشی لێ خۆش ده‌بوو؛ گله‌یی له‌سه‌ر گله‌یی و باس و قسانی سه‌یر و سه‌مه‌ره. به‌ڵام هه‌مووی له به‌ر ئه‌ده‌بیات و له تاوی نووسین و خوێندنه‌وه. هه‌رچه‌ند ئه‌و کات محه‌ممه‌د و ده‌یانی دیکه‌ی وه‌ک من دڵته‌نگی نه‌بوونی پاره بووین به‌ڵام بێ تاقه‌ت نه‌ده‌بووین. ئه‌گه‌ر سرته‌یه‌کمان بووبا ده‌هاتینه به‌ر درگا یان به‌ر ویترینه‌که‌ی و یان له‌قه‌راغ قاناوی شه‌قام ده‌مان کرده جه‌فه‌نگ. ته‌واوی ئه‌و ئێوارانه چاومان هه‌ر له کتێب بوو. تێکه‌ڵ کتێب ده‌بووین. زۆر شاکار نه‌ناسراومان به یارمه‌تی یه‌کتر خوێنده‌وه. زۆر قسه‌ی ئاشقانه‌مان له‌سه‌ر کتێب له‌وێ گوێ لێ‌بوو. محه‌ممه‌د زۆرجار که له‌و جه‌ماعه‌ته ماندوو ده‌بوو بۆخۆی به بیانووی جگه‌ره‌وه ده‌هاته به‌ر دووکان و له بیری ئه‌وه‌دا "که باشه بۆ فڵانی و فڵانیش قه‌رز ناده‌نه‌و؟" ئاش به‌تالی ده‌کرد. مسته‌فا که‌م وا هه‌بوو سه‌نگه‌ری دووکان به‌ر دات و تێکه‌ڵمان بێ به‌ڵام ئه‌ویش به دزییه‌وه و به‌شی ته‌نیایی خۆی باشی ده‌خوێنده‌وه؛ وه‌ک له‌بیرم بێ ڕۆمانی "ته‌ڕڵان"ی قه‌وامی پێش زۆرمان خوێنده‌وه. ناعیلاج بوو. ئه‌وه‌ی هاتبا ئه‌و دووکانه‌وه له نه‌خۆشی خوێندنه‌وه نیزیک ده‌بۆوه. مسته‌فا ورده‌ورده کتیبی باشتر ده‌ناسی و چاکتریشی ده‌فرۆشت. بۆ وێنه ئه‌وده‌م توانی پڕۆست به من بفرۆشێ و ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووا من قه‌ت له کاتی سه‌ربازی ڕفێقێکی وه‌ک پڕۆستم نه‌ده‌بوو.
ئیستا دیسان ئێواره‌یه و کتێب‌فرۆشی رۆژ ساڵه‌هایه ته‌نانه‌ت ناویشی نه‌ماوه. من بێده‌نگ به‌لای چوارڕێی شارهبانیدا خوار ده‌بمه‌وه به‌ره‌و ماڵێ و هه‌میسان بێتاقه‌تی و بێتاقه‌تی...
سەرچاوە وێبلاگی خەونباز