وتار به‌شی2
فڕین و گه‌شتێک به ئاسمانی شێعری "ساماڵ"دا
قادر عه‌لی‌خا
ج:
"په‌ڕه‌وازی جوانی ده‌بم"
که خۆی له تۆزی خه‌ون و باوێشک ده‌ته‌کێنێ و ڕکه‌ی دزێوی مێژوو له گرێژه‌نه ده‌با، له ئاسمانی ئازادی‌دا باڵه‌کانی ده‌کاته‌وه و ده‌فڕێ به‌ره‌و هه‌رێمی شه‌نگی و جوانی په‌ره‌وازه ده‌بێ و ناوه‌ستێ. چوونه نێو دونیای جوانیه‌کانیش که هه‌رێمی تازه‌گه‌ری و نو‌ێبوونه‌وه‌یه، ئاشنابوونه له‌گه‌ڵ سرووده‌کانی جوانی و هه‌ناسه بۆنخۆشه‌کانی ژین، ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ ئامرازی نوێ و په‌یڤی نوێ و هزری نوێ، د‌یاره جوانی هه‌ر چاو و برۆ و باڵای جوان نیه، مه‌لی جوانی باڵی به‌سه‌ر هه‌موو که‌لێن و قوژبنه‌کانی ژین‌دا کێشاوه، هه‌رێمه‌کانی جوانی ڕه‌نگاوڕه‌نگن، جێژه‌کانی جوانی جۆراوجۆرن، ئامێزی جوانی ئاواڵه وفراوانه، به‌قه‌ت ره‌نگ و بۆنی هه‌موو گوڵه‌کانی دونیا، له دونیای فه‌لسه‌فه‌دا که پانتای وردبینی و تیژبینیه و هه‌موو شیکاری و نوێ‌کارییه ورد و ئه‌سته‌مه‌کانی ژیان له‌و به‌ستێنه‌دا کراون، هیچ که‌سێک نه‌یتوانیوه بڕیاری کۆتایی له مانای جوانی بدات، ده‌روازه‌ی ئه‌م پرسیار و وڵامه‌یان ئاواڵه و له‌سه‌ر پشت هێشتووه‌ته‌وه، زه‌وق و هه‌ستی مرۆڤی سه‌ده و چاخه‌کان مانای جوانییان گۆڕیوه، هه‌رکه‌س به‌پێی بۆچوونی خوی‌و و مه‌زاقه‌کانی سه‌رده‌م لێیدواوه، هه‌ر نه‌ته‌وه و تاکێکیش به‌پێی زه‌وق و چێژی خۆیان تاریفێکیان لێکردووه، شاغییه‌کان جوانییان له لچ و لێوی ئه‌ستوور و له‌شی خاڵلێکوتراوی سه‌وز هه‌ڵگه‌راودا ده‌دیت، یۆنانییه‌کان له سیمای جوانی لاوان و ڕێک‌وپێکی په‌یکه‌ره‌ی داتاشراوی ئارام و بێده‌نگدا ده‌یاندیت، ڕۆمیه‌کانیش جوانییان له نه‌زم و شکۆ و هێزدا پێناسه ده‌کرد، کاتێک منداڵه ڕه‌ش‌پێسته‌کانی که‌ناره‌کانی ئه‌فریقای ڕۆژئاوا "ڕیچارد برنن"یان به ڕووتی دیت هاواریانکرد "شا ئه‌و پیاوه سپی پێسته هه‌ر له مه‌یموون ده‌چێ" د‌یاره ئێمه‌ش پێمانوایه ئه‌وان هه‌ر له گووریلێکی ڕه‌ش ده‌چن، ئه‌گه‌ر پرسیاری ئه‌م باسه ئاراسته‌ی "وڵتر" بکرێ؛ ده‌ڵێ هه‌ردووکیان راستده‌که‌ن.
هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا، ئه‌فلاتوون ده‌ڵێ: "ڕه‌گ و هه‌وێنی چاکه له یاسای جوانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ"
"گۆته"ش ده‌ڵێ:
"هه‌موو شتێک له فه‌وتان و گۆڕاندایه، ئه‌وه ته‌نیا هێزی هونه‌ره که ڕاز و ڕه‌مزی هه‌رمان و نه‌توانه‌وه ده‌ناسێت."
ماک و مانای جوانی له ئه‌ندێشه و شێعری "ساماڵ"دا فڕینه، فڕین و ڕه‌هابوون، ئاوێته‌بوونه له‌گه‌ڵ رۆحی رووناکی و له‌ش‌ئازادیدا، ئه‌و جوانی و گه‌شه‌ی ژین له‌فڕیندا ده‌بینێت، ده‌بێ ئه‌مه لێکدانه‌وه‌ی هه‌موو هاوجیله‌کانی بێت.
"مه‌ودای من و هه‌راسانی
تۆی تۆ....
ئه‌ی سه‌ماکه‌ری چه‌مه‌رییه نهێنییه‌کانی رۆحی من!
له‌ژێر هه‌وره‌بارانی سه‌رمدا
سێبه‌ره‌که‌ت... ڕووناکییه
جوانییه‌که‌ت... ئازادییه
پێکه‌نینت... هه‌ڵفڕینه
هه‌ڵفڕینیش گه‌شکه‌ی ژینه"
"ژین به رێزمانی ئیمپڕاتۆڕییه‌ت ده‌نووسن
ئێمه ڕێزمانی هه‌ڵفڕین ده‌زانین"
هه‌ر له‌ناو به‌شه‌کانی ئه‌م شێعره‌دا زۆر کۆپله و دێڕ هه‌ن ده‌گه‌نه سه‌ر لووتکه‌ی جوانی و دووندی شه‌نگی له ئامێز ده‌گرن، پڕپڕن له ڕۆحی شێعر و ره‌نگی شێعر و تامی شێعر و بۆنی شێعر، زمانی شێعری ده‌گاته ئاستێکی به‌رز، ئه‌م شادێڕانه نوێنه‌ری جوانی و تازه‌گه‌رین له شێعره‌که‌ی "ساماڵ"دا، غه‌رقن له هه‌ست و سۆزی شاعیرانه؛
"به عیشقی هه‌ڵفڕینه‌وه‌دا ده‌گیرسێم"
"وه‌ره هێنده باڵ له‌یه‌کده‌ین
تۆفانی هه‌ڵفڕین هه‌ستێ"
"ئاسمان ماچێکی پێداوم
تامی ڕووناکایی ده‌دا"
"هه‌وا پڕه له تلیاکی مردن"
"من له‌شی ڕووتی کچه ڕازێکی ده‌روونی خۆم دیوه
شه‌رم و حه‌یای لێهه‌ڵگرتووم"
"تۆ ده‌نکه ته‌رزه‌یه‌کی له پشکۆی ده‌روونمدا
ره‌حمت بێ به حه‌جمینی دڵم
پڕ... پڕ... پڕت کردووه له قریشکه‌ی چاره‌نووس
پڕ.. پڕ... پڕت کردووه له نووکه‌نووکی کابووس"
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ شێعرێک وه‌ک نموونه بۆ شکاندنی شه‌قڵی زمان له شێعری "ساماڵ"دا بێنینه‌وه "ڕێگا" وێنه‌یه‌کی به‌رچاو و خاوه‌ن سه‌رنجه، ئه‌م شێعره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌باری فۆڕمه‌وه نوێکاری تێدایه خاوه‌ن مانای جوان و کاکڵێکی پته‌ویشه، هه‌روا سووک و ساده ڕکێف نادات، خوێنه‌ر ئاسان و بێ‌ماندووبوون ناتوانێت بچێته نێو تان‌وپۆی ته‌ندراوی شێعره‌که‌وه، به‌ڵکوو بۆ شرۆڤه و یه‌کخستنه‌وه‌ی تووشی ماندووبوون و مێشک گوشین ده‌بێت، له سه‌ره‌تای ئه‌م شێعره‌دا به یارمه‌تی پیته‌کان چوار رێیانێک ده‌کێشێته‌وه، ئه‌م چوار ڕێیانه چوار وشه‌ی گه‌ڵا، خاک، باڵنده، شه‌هید له‌خۆ ده‌گرێ، به‌م پێیه شه‌قڵی نووسین ده‌شکێنێ و به وشه وێنه و به‌هۆی وێنه‌وه په‌یام ده‌خوڵقێنێت، ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌م وشانه هه‌ر له‌سه‌ر ڕیتمی ئاسایی خۆیان بنووسرایه‌ن هه‌ر هه‌مان مانا قامووسییه‌که‌ی خۆیان به ئێمه به‌خشیبایه، به‌ڵام به هه‌ڵوه‌رین و له‌ت‌وپه‌ت بوونیان، ئه‌م وشانه یاغی ده‌بن و قاپۆڕ ده‌شکێنن، ده‌بنه دالێک به چه‌ن مه‌دلوولی هاوته‌ریب و جیاوازه‌وه له به‌رامبه‌ر وشه‌ی باڵنده‌ی له‌ت‌وپه‌ت کراودا.
ب ـ ا ـ ڵن ـ ده = باڵ وسه‌ر ولاقی هه‌ڵوه‌ریو، ڕاوچیه‌که‌ی زاڵم
ش ه هی د = مرۆڤێک و ئه‌ندێشه‌یه‌کی له‌خوێندا شه‌ڵاڵ و ئه‌قڵیه‌تێکی خوێنخۆر و مرۆڤ‌گه‌لێکی زۆردار.
گ ـ ه ـ ڵ ـ ا = سه‌رما و شه‌خته و هه‌ڵوه‌رین که ڕه‌مزی ئازار و ژان و ماکی جودایین.
خ ـ ا ـ ک = دابه‌شبوون و ژینۆساید و تواندنه‌وه و داگیرکا‌ری، دابڕان و ته‌ره‌بوون.
"یه‌ڵمازگۆنای" که به‌ر ده‌نگی ئه‌م شێعره‌یه هه‌موو لایه‌نه مه‌زڵوومیه‌ته‌کانی ئه‌م شێعره ده‌گرێته خۆی، له‌م چوارڕێگایه‌وه که له هه‌رکامیانه‌وه بڕۆی ده‌گه‌یته ڕۆحی ئازارچێشتووی "یه‌ڵماز گۆنای"
"چرای کامه لاسه‌وز بێ
زووتر ده‌گه‌مه‌وه لات"
به هه‌رکام له‌و ڕێگایانه‌دا بڕۆی ده‌گه‌یته مه‌زڵوومیه‌ت، چوونکه هه‌ر چواریان سه‌مبولی مه‌زڵوومیه‌تن، ئه‌م شێعره‌ش هه‌ڵگری په‌یامی تازه‌بوونه‌وه‌یه له شێوازی نووسیندا، شکاندنی شه‌قڵی نووسین ده‌روازه‌یه‌کی نوێ ده‌کاته‌وه به‌ڕووی خوێنه‌ری شێعری کوردی‌دا، ئاشناشیانده‌کات به به‌هره و توانا ناوه‌کی و ده‌رکییه‌کانی شێعر.
"ڕێگا"
ب
ا
ڵن
ده
ش ه هی د گ ه ڵ ا
خ
ا
ک
چرای کامه لا سه‌وز بێ
زووتر ده‌گه‌مه‌وه لات!
* * *
ئه‌گه‌ر ببی به باڵنده
هه‌موو جیهان هه‌ڵده‌فڕێ!
ببیه گه‌ڵا
هه‌موو جیهان سه‌وز ده‌بێ
ببیه شه‌هید
هه‌موو جیهان ده‌پشکوێ
ببی به خاک
هه‌موو جیهان عاشق ده‌بێ!
سێهه‌م: "تابووت"
جێ‌ناگرم
نه له‌شوێن و
نه کات و
نه که‌سا
زه‌وی ده‌که‌مه تابووتنامه
تا که‌نداوی مه‌رگی منیش
خاڵی نه‌بێ
له نه‌وت و له ماسی
زه‌وی دێنمه سه‌ر سه‌کۆی وشه‌کان
هه‌تا بگریم
پێبکه‌نم
عاشق بم
هه‌ڵێم...
بۆ ئێوه
بینه‌رانی هه‌میشه دانیشتووی نێو تابووت...
مه‌لی نوێگه‌ری نێو هزری "ساماڵ" له شێعره‌کانی کتێبی "تابووت"دا به دوو باڵ ده‌فڕن: باڵی په‌یڤین و باڵی پێکهاته‌یی، هه‌نگاوی تازه‌بوونه‌وه لێره‌دا گورج و پته‌وتر ده‌بێت.
به‌م دوو باڵه‌وه مه‌لی شێعری "ساماڵ" جوان و شه‌نگتر ده‌نوێنێ و به‌ره‌و قۆناغی کامڵ‌بوون ڕێده‌بڕێت، که هه‌م جیهانی شێعری خۆی زیاتر پێده‌خه‌مڵێنێ و هه‌م له‌وێوه پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی بێ‌ساماندارتر ده‌کات.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌م کاروانه به‌مزووانه ناگاته سه‌رمه‌نزڵ و ده‌بێ له داهاتوودا پانتاییه‌کی فراوانی بۆ ته‌رخان بکرێت، چونکه تا ئه‌وێ پۆشته و په‌رداخ‌تر و مه‌زن و به‌رچاوتر ده‌بێ، له "تابووت"دا شێعره‌کان ته‌یارترن به لایه‌نه هونه‌رییه‌کانی شێعر، زمانی "هه‌ر هیچ ته‌نیا" به‌جێده‌هێڵێ و قۆناغێکی‌تر له پرۆسه‌ی نوێبوونه‌وه ده‌ستپێده‌کات. خوێنه‌ر تووشی که‌متر کۆپله و دێڕێک ده‌بێ که له رۆحی ناسکی شێعردا نه‌توابێته‌وه، ئه‌وکاته‌ی که باسی گریان و خه‌ممان بۆ ده‌کات و چیرۆکی یادگاره تاڵه‌کانی ده‌روونی خۆیمان به هۆی چاوه‌شێداره‌کانییه‌وه بۆ ده‌گێڕێته‌وه به زمانێکی تازه و ناوازه ده‌دوێت.
"به‌رانبه‌رم.... دیوارێکه له کۆتاییتان...به‌رز
با ـ ی دێ و
چاڵی چاوم
به یادگاره‌کان شێداره"
با ـ تابووت ـ سپی سوار ـ له شێعری تابووت‌دا به‌هێزترین وشه‌ن و ده‌ورگێڕی سه‌ره‌کی شانۆی شێعره‌که‌ن، خوێنه‌ر زیاتر له هه‌موو وشه‌کان چاوی به‌وان ده‌که‌وێ و به‌وان ئاشنا ده‌بێ، ئه‌م وشانه هه‌ر به ئانقه‌ست له لایه‌ن شاعیره‌وه زه‌ق و به‌رجه‌سته کراونه‌ته‌وه، ماکی په‌یام و ڕۆحی شێعره‌که‌ش هه‌ر له توێی ئه‌م وشانه‌دا حه‌شار دراوه، هه‌موو پێکهاته‌ی شێعره‌که‌ش له خزمه‌ت ئه‌واندان.
درێژه‌ی هه‌یه